بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێشبینیدەکرێت ئەمڕۆ و سبەی لە ناوچە نیمچەبەرزەکان تێکەڵەی باران و وردەبەفر ببارێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکاندا دەبارێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین بەردەوامیی هەیە، پێشبینیدەکرێت لە ناوچە نیمچەبەرزەکان تێکەڵەی باران و وردەبەفر ببارێت.
ئەوەشی خستەڕوو، خێرایی با لەنێوان 15 بۆ 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و پلەی گەرمی 2 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
باسی لەوەشکرد، سبەی یەکشەممە، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت، بارانی مامناوەند لە هەموو ناوچەکاندا دەبارێت، لە هەندێک کات و شوێن رێژەی دابارین زیاد دەکات، بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەکان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینیدەکرێت لە ناوچە نیمچە بەرزەکان تێکەڵی باران و وردەبەفر ببارێت، هەروەها لەکاتی بارانباریندا خێرایی با چالاک دەبێت بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەتایبەت لە ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی، لە کاتی ئێوارەدا بارانبارین بە نمەبارانی پچڕپچڕ لە هەندێک شوێن بەردەوامیی دەبێت.