شارەزایەکی بواری کەشناسی، کەشی هەفتەی داهاتوو ئاشکرادەکات و لە چەند رۆژێکدا، بەفر دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی جەمسەری باکوور کە بارستەهەوایەکی ساردی لەگەڵدا دەبێت، لە ئێوارەی رۆژی دووشەممەوە 29ـی 12ـی 2025، شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرمی بە رێژەی 8 تا 12 پلە بە جیاوازیی ناوچەکان، نزمدەبێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەنتەری شارەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، بەگوێرەی کاریگەریی ئەو بارستەهەوایە، لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر، لە بەرزیی 500 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە و لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە بەرزیی 600 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە و لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و باکووری ئیدارەی گەرمیان، لە بەرزیی 700 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەفر دەبارێت.
دەشڵێت، کاریگەریی شەپۆلی بەفربارینەکە، تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 30ـی 12ـی 2025، بەردەوامیی دەبێت و کاریگەریی شەپۆلی سەرما، شەختە و بەستن، تاوەکو کۆتایی هەفتە و رۆژی هەینی 2ـی 1ـی 2026، بەردەوامیی دەبێت و پلەی گەرمی لە شەواندا، لە ناوچە شاخاوییەکان 8 تا 15 پلە بۆ ژێر سفری سەدی نزمدەبێتەوە و لە سەنتەری شارەکان و ناوچە نزمەکان، 2 تا 5 پلە بۆ ژێر سفری سیلیزی، رێژەی بارینی بەفر لەم شەپۆلەدا، بەگوێرەی بەرز و نزمییەکان لە 5 تا 60 سانتیمەتر، ئەگەر هەیە.
سەنتەری بەشێک لەو شار و شوێنانەی ئەگەری بەفربارینیان دەبێت لەم شەپۆلەدا: (سەنتەری شاری سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، سۆران، سیدەکان، شەقڵاوە، رەواندز، ئاکرێ، بارزان، قەسرۆک، کۆیە، رانیە، قەڵادزێ، بەرزنجە، چوارتا، ماوەت، عەربەت، چەمچەماڵ، سەنگاو، بازیان، سورداش و قەرەداغ) لەگەڵ زۆر شوێنی دیکە.