خوێندکارێکی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ رایدەگەیەنێت، بەهۆی پۆستکردن لەسەر خورشید هەرکی لە خوێندن دەرکراوە
بارزان عیزەدین هەرکی خوێندکاری کۆلێژی سەربازیی زاخۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نووسیویەتی، “وەک پەیجی هەرکی پۆست ئێمە وێنە و ڤیدیۆمان پۆست دەکرد، بەڵام نەمانزانی هەندێک کەس هەموو پۆستەکانمان سکرین دەکەن و کۆیدەکەنەوە دەیکەنە بەڵگە لەسەرم”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لە کاتی روودانی شەڕەکە من لەراهێنان بووم هەر لە ماڵەوە نەبووم کە لە دوایی نۆ مانگ لە راهێنان و دوای نۆ مانگ زەحمەتی و ماندوو بوون و تێپەڕاندنی گەرما و سەرما فەرمانی دەرکردنم بۆ دەرچوو و لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ دەرکرام”.
بارزان دەشڵێت، “بێئەوەی یەک جار ئاگادار بکرێینەوە کە پۆستی لەم جۆرە نەکەین یەکسەر فەرمانی دەرکردنم بۆ دەرچوو، خەونی من بۆ بوون بە ئەفسەر بووە قوربانیی هەندێک پۆست لە پەیجی هەرکییان تاکە هۆکاریش ئەوە بووە کە لە پەیج وێنە و ڤیدیۆیی خورشید هەرکیم پۆست کردووە”.