رەحمان غەریب: ئەوانەی ژن دەكەنە كەرەستەی گوشار ئەخلاقی عەریفی سـ.ـەدامیان هەڵگرتووە

رەحمان غەریب رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ گوێڕایەڵی بۆ حزب، لە هەڵگرتنی كلاشینكۆف چەند مەخزەنێكی ژەنگاوییەوە بازیداوە بۆ ئەندامێتی میلیشیای ئەلیكترۆنی، جەنگاوەرەكانیان بوون بە مێش، مێشێكی ئەلیكترۆنی كە شكۆی ژنان دەشكێنن، سوپایەكی جوێنفرۆشیش بە لایک و كۆمێنتی ئاستنزم لەخزمەتیاندایە.

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ وتارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، با دوور نەڕۆین، ئەو كاتەی كە دەیانویست ورەی زیندانیییەكی سیاسی بڕوخێنن، بە خوشک و هاوسەرەكەی هەڕەشەیان لێدەكرد، وەك ئاماژەیەک بە شكاندنی شكۆ و شەرەفی خێزانەكە، نزیكترتان بكەمەوە بگەڕێنەوە بۆ ئەخلاقی داعش لەگەڵ خێزانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتەكەی، ژن لەلایان بارمتەی شەرەفی كۆمەڵگا بوو.

زۆر بە كورتی: ئەوانەی ژن دەكەنە كەرەستەی گوشار، تۆزێک لە ئەخلاقی عەریفی ئەمنی سەدام و زۆریش لە ئەخلاقی داعشیان هەڵگرتووە، ئینجا ئەوەی بەم ئەخلاقە دڵخۆشە، ئەبێت پشكنینی DNAی بۆ بكرێت، بزانین لە توخمی چ بوونەوەرێكە.

ئەمڕۆ گوێڕایەڵی بۆ حزب، لە هەڵگرتنی كلاشینكۆف چەند مەخزەنێكی ژەنگاوییەوە بازی داوە بۆ ئەندامییەتی میلیشیای ئەلیكترۆنی، جەنگاوەرەكانیان بوون بە مێش، مێشێكی ئەلیكترۆنی كە شكۆی ژنان دەشكێنن، سوپایەكی جوێنفرۆشیش بە لایک و كۆمێنتی ئاستنزم لەخزمەتیاندایە، كە ئەم هەموو ڤیدیۆ و راپۆرتی چەواشەكارانە بە قەسدی شكاندنی سیاسی دەبینیت، پرسیار دەكەیت، ئەم دونیا ناشرینەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا پێویستی بە چەند نەخۆشخانەی دەروونی هەیە؟

تەماشایەكی خێرا بە هەڵمەتی هێرش و پەلاماردانی ژنانی چالاكوانی سیاسی و رێكخراوی مەدەنی لە ناوخۆی هەرێ،ی كوردستان، مەیلی ئارەزوویەكی ترسناكمان لە شكاندنی ئیرادەی ژنانی چالاكوان پیشان دەدات، لە رێی ئەوانیشەوە ترساندن و سەركوتكردنی هەر دەنگێكی تر بۆ بەشداری سیاسی و گۆڕانكاری.

ئەمە بانگەشە نییە بۆ چاوپۆشی لە ژن كە قاچی دەخلیسكێتە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، قسەكردنە لە بژاردەیەك لە ئامرازی ململانێدا، كە نە دینی هەیە نە ئەخلاق.

ئەو هێرشە دڵڕەقەی سەریهەڵداوە، قاچێكی لەناو سیستمی باوكسالاری و ئەوی تریشیان لەناو ململانێی سیاسییدایە، رۆژانە بە هەڵمەتەكانی ناوزڕاندن و هەڵبەستنی درۆ، وەك هێزێك رەوایەتی بەخۆیان دەدەن، بەبێ ئەوەی لە ناو ئەم هەموو باوك و برا سیاسیانەی دیمەنەكەیان داگیركردووە، بە بێ ئەوەی ئەم رێكخراوی ژن و حزبی سیاسی پیاوانە، خۆیان بە كەس و خزم و هاوپشتی ئەم ژنانە بزانن.

لەم ژینگە تۆقێنەرەی تۆمەتبەخشینەوە و ناوزڕاندنی چالاكوان و خاوەن پێگەی دیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی، لەم زەمەنە ناشرینەی باوك سالاریەدا، باوكێك، برایەكی گەورە، ناوەنجی، یان بچوكمان نەبینی بڵێت: ئەم شكاندنی شكۆی خوشك و دایكانە لە پای چی؟

نیشتمانێک ئازادی و كەرامەتی ژنان بكاتە كەرەستەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی، ئاساییە میدیا سوپای پاسدارانیش بۆ پشتیوانی بێتە ناو گەمەكەتان.

هەڵمەتەكانی چەواشەكاری و تۆڵەسەندنەوە لە حزبەكان لە رێی ژنانەوە لە دوو حەفتەی رابردوو، ئینجا پاڵپشتیكردنی لەو دیوو سنوورەوە، پێیی گووتین كە ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین، ئەوانەی دوای ئێمە دێن سەریان دەسوڕمێ لە لێكچوونی ئەخلاقی میدیای سیاسی ئەم هەرێمە، لەگەڵ میدیای داگیركەر.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

شارەوانیی سلێمانی: بە پلان و بەرنامە قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام و كۆڵانەكان ئەنجامدەدرێن

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ساڵانە بە پلان و بەرنامە قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام و كۆڵانەكان ئەنجامدەدرێن. بەپێی راگەیەندراوێكی…
Total
0
Share