پەرلەمانتارێك: بڕگەی تایبەت بە دانەوەی قەرزەكانی هەرێم ڕەتدەكرێتەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

پەرلەمانتارێكی عێراقی دەڵێت، پەرلەمان دانەوەی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان تایبەت بە كۆمپانیاكانی نەوت و قەرزە دەرەكییەكان ڕەتدەكاتەوە.

سوهام موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی شوبات وتی، تا ئەم ساتە هیچ لێكتێگەیشتنێك نییە دەربارەی چەسپاندنی پشكی هەرێم و ناكۆكییەكان تائێستا لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بەردەوامە.

موسەوی لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی عێراقی ئەوەشی وت، “داهاتە نەوتییەكان و بەڕێوبردنی دۆسیەكە و چۆنیەتی پابەندبوونی هەولێر بە ڕێككەوتن لەسەر بودجە و دانەوەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان لە كوردستان دیارترین خاڵە ناكۆكەكانن”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، پەرلەمان بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە “دانەوەی قەرزەكانی هەرێمی لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە ڕەتكردوەتەوە” تایبەت بە كۆمپانیا نەوتییەكان و قەرزە دەرەكییەكانی هەرێم.

پێداچوونەوە بە ئەژماری دارایی هەرێم لە دوای ساڵی 2014ەوە و دواتریش لەئەستۆگرتنی ئەو قەرزانەی لەو ماوەیەدا كەوتووەتە سەر هەرێم لەلایەن ناوەندەوە یەكێكە لە بڕگەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، بەڵام تائێستا ناكۆكی لایەنەكانی لەسەرە.

دوایین زانیاری دەربارەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد دوێنێ لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و سە‌رۆكی شاندی دانوستاندكاری هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بوو و وتی، “بە‌ردە‌وامن لە‌ دانوستاندنە‌كان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھە‌یە‌ بۆ چارە‌سە‌ركردنی ئەم بابەتە”.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

دواتریش هەمان ڕۆژ جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی، “پرۆسەی پەسەندكردنی بودجە بەردەوامە، كۆمەلێك پێشنیار و بیرۆكە هەن و وەكو حكومەتی هەرێم سەرجەم ئیلتزامەكان بەپێی دەستور پێی قایل بووین و ئومێدوایە و دڵنیاشین بگەینە ڕێكەوتن، لەئێستادا كەشێكی ئیجابی لەئارادایە”.

وتیشی، “بودجەكە بودجەی هەموو عێراقە، بڕوامان وایە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ماف و ئیلتزامی هەردوولا دەستبەربكات، ئێمە ئامادەیمان نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی، لە بەرامبەردا پێویستە مافەكانی خەڵكی كوردستان بدرێت” دوپاتیشیكردەوە، پرسی بودجە تەنها موچە نییە، بەڵكو بوژاندنەوەی كەرتەكانە و حكومەتی هەرێم ئامانجیەتی هەلی كار بڕەخسێنێت بۆ گەنجان.

جوتیار عادل: دڵنیاین لەگەڵ بەغداد دەگەینە ڕێككەوتن

دووشەممەی ڕابردووش ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق وتی، “ناكۆكی و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن”.

وتیشی، “بڕیارە هەرێم ڕۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات و ئەگەر هەرێم پابەند ببێت، ئەوا پەیوەندییەكان ئەرێنی دەبن”.

سەبارەت بە گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە توركیا، وەزیری نەوت لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بی بی سی وتی، “بەپێی ئەو داتایانەی بەدەستمان گەیشتوون ئەوە ڕاست نییە، هەرێمی كوردستان چەند گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووە، بەڵام گرێبەستەكان سەركەوتوو نەبوون”.

بابەتی پێشتر

ئاماری نوێ.. مباپێ یەکەمی جیهانە و هالاند لە 10 گرانبەهاکەدا نییە

بابەتی دواتر

(بەوێنە) هەندێک لە یانەکان فێڵی ژیرانە بەکاردەهێنن بۆ شێواندنی دۆخی دەروونی ڕکابەرانیان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی “کۆڵ سەنتەر”ێک بۆ وەڵامدانەوەی پەیوەندی و سکاڵای هاوڵاتییان دادەمەزرێنێت

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند کە سەنتەرێکی رایەڵەی پەیوەندیکردن دادەمەزرێنێت، بەمەبەستی وەڵامدانەوەی سکاڵا و داواکاریی هاوڵاتییان لە هەموو ئاستێکدا.…
Total
0
Share