شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، حاڵەتێکی ناسەقامگیری لاواز، ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هەروەها ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، بۆ کاتی بەرەبەیان، ئاسمانی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، باشووری هەولێر، موسڵ، ئیدارەی راپەڕین، سۆران و کۆیە، دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز و کورتخایەن روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
وتیشی، شەپۆلەکە بەشێوەیەکی چڕ کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و باشووری پارێزگای هەولێر دەبێت، لەو ناوچە ئەگەری نمەباران بۆ بارانی مامناوەند هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، شەپۆلەکە کورتخایەن دەبێت، لەکاتەکانی پێشنیوەڕۆ بەرەو لاوازبوون دەچێت، لە هەندێک لە ناوچەکان کاریگەرییەکەی تا پاشنیوەڕۆ بەردەوامدەبێت.