بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەرانی ساڵی 2025 لەلایەن فیفاوە، مەحسون قرمزگول، هونەرمەندی ناودار، پەیامێکی ستایشی ئاڕاستەی هاندەرانی یانەکە کرد.
لە پەیامەکەی مەحسون قرمزگولدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵاتیی x بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، دەنگی نیپەل، کیژۆڵەکەی زاخۆ، هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند و بووە ویژدانی هەموو جیهان.
دەشڵێت، ئەو کیژۆڵەیە بەو خۆشەویستییە پەتی و بێگەردەی بۆ یانەکە هەیبوو، توانی بگاتە گەورەترین شانۆی تۆپی پێی جیهان و لە ئەنجامیشدا وەک باشترین هاندەر لەلایەن فیفاوە هەڵبژێردرا.
باسی لەوەشکردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی هیچ پاداشتێک بکەم، بە نهێنی بانگەشەم بۆ هاندەرانی یانەی زاخۆ کرد، سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە بەدەم داواکەمەوە هاتن و دەنگیاندا.
لە کۆتایشدا نووسیویەتی، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە لە تەواوکردنی ئەم چیرۆکەدا بەشداربوون، لە کۆتایدا ئەمە تەنیا خەڵاتێک نییە، بەڵکو سەرکەوتن و بەدیهاتنی خەونی کیژۆڵەیەکیشە.