هەڵۆ شێرکۆ بێکەس: بۆ ساڵیاد و پەیكەرەكەی شەهید ئاكام عومەر

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس کوڕی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس لە ساڵرۆژی شەهیدبوونی ئاکام عومەر پارچەیەک شعری نووسیوە کە لە رێورەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەرەکەی پێشکەشیکرد.

تەواوی شیعرەکە:

بۆ ساڵیاد و پەیكەرەكەی شەهید ئاكام عومەر
هەموو ساڵێ بۆ دوانزەی دوانزە
دوانزە كەڕەت هەناسەی خۆم بە ڕێگاوبانی نەوجوول و
دەشتی زینانەدا ئەخەمە ڕێ
ئەم هەناسەیە پڕێتی لە تنۆكە خوێنی شەهید ئاكام و
لێوان لێوە لە بای سەوز و لێوان لێوە لە عەشقی شەهید
زوهێر و لەچاوی گەشی منداڵانی دەشتی پەنجاعەلی…
ئەم هەناسەیە هاواری شاخە و گۆرانی دەشتە و
ئەم هەناسەیە هەڵئەفڕێ و لە هیچ شوێنێ لانادات و
تا لەسەر گوندەكانی ناوچەی داودە ڕائەوستێ و
دوانزە جار ئەگرمێنێ و ئینجا ئیتر بەسەر گوڵاڵەی خوێنی و
جەستەی ماندووی شەهید ئاكامدا دائەبارێ..
هەموو ساڵێ لەو ڕۆژەدا دوانزە جار
گۆمی دەربەندی داودە و ئەستێركی ڕژاوی چاوەكانی گوندی زینانە
دوانزە كەڕەت خۆی هەڵئەبڕێ بۆ پەیكەرێ ماچی بكات
چونكە بۆنی گوڵاڵەی سەر سنگی شەهید ئاكامی لێدێ..
هەموو ساڵێ بۆ دوانزەی دوانزە
شاخی گۆیژە دوانزە كەڕەت دائەنەوێ بۆ پەیكەرە برۆنزیەكەی
بەردەم باخچەكەی سەچناری شار
بۆ بنچك و بۆ گەڵا و گوڵەكانی ماچی بكات
چونكە بۆنی كاسكێتە سەوزەكەی ئاكامی لێدێ..
هەموو ساڵێ بۆ دوانزەی دوانزە
دوانزە شەهیدمان…دوانزە كەژمان لە لوتكەوە
بۆ بن بنار دائەبەزێ
دوانزە حەیرانی چاو سەوزمان
لە هەیبەت سوڵتان و سەفینەوە دێنە خوارێ
هەر بۆ ئەوەی دوانزە مەشخەڵی داگیرساو
بكەن بە ملی پەیكەرەكەی بەردەم سەرچناری شارێ…

هەموو ساڵێ بۆ دوانزەی دوانزە
من ئەبم شمشاڵێ و گەڕەكی سەییداوای هەولێر و
دەشتی گەرمیان ئەمنێن بە لێوی خۆیانەوە و
لێم ئەدەن و لە كونە بای جەستمەوە
دوانزە حەیران …دواتر دوانزە قەتار و دوانزە ئەڵڵاوەیسی و
دوانزە قاسپە دێنە دەرێ..

هەموو ساڵێ لە دوانزەی دوانزەدا
من ئەبم بە دەفتەری ڕەسمی منداڵە شەهێدێك
لە گوندەكانی كارێزەی ڕەبات و كرپچنە و
پێنچ ئەنگوستی خواروو و دەرزیلە
دوانزە پەڕەم و منداڵەكە دێ و بە شەفەقی خوێنی شەهید
ئاكام دوانزە كەڕەت
وێنەی ئەم پەیكەرە و دوانزە زامی سەوزم تیا ئەكێشێ…

هەموو ساڵێ لە دوانزەی دوانزەدا
ئەم پەیكەرە دێتە قسە و
ئەو شاعیرە و من نا….
بە پەنجەی درێژی دەشتی زینانە
بە تروسكەی چاوەكانی شەهید زوهێر و
بە ڕێژنەی یادەكانی ئاكام
ئەڵێ:
من پەیكەر و یادگاری ئەو شەهیدانەم
مێژوویەكیان ئەدا بە كۆڵداو
قورس قورس پڕ لە بەردە ئازارو پڕ لە تیرۆری شەوی نابینا…

من پەیكەر و هێمای ئەو شەهیدانەم
لە پێدەشتەكانەوە مردنیان بەرەو مردن ڕاونا..

من لە گەردنی ئەم پەیكەرەدا گەردنی شەهیدانی
ڕێی ڕزگاری ئەبینمەوە وەختێ ئەبوون بە تاڤگەی
سووری بەلووزەوی عەشقی چیا
من لەسەری بە ورشەو پرشەی ئەم پەیكەرەدا
سرودە بریندارەكانی ئازادیی ئەبینمەوە
لە پێدەشتەكانی گەرمیاندا وەختی جەولە..

وەختی تەقینەوەی مین بە جەستەی سەییداوەی هەولێردا و
خوێن لەبەر ڕۆیشتنی لەناو باخچەكەی سەرچناری ئێرە
وەختی خورافات بۆ كوشتنی ئەستێرە
لە دەشتایی پەڵكانە و گوندی زیینانە

ئەم پەیكەرەم بۆیە خۆشئەوێ
چونكە نەخشی تۆمارێكە كە بە خوێن ڕەنگە
تۆ هاوڕێی ئەو گیانانەی كە هەرگیز نامرن

ئەو پەیكەرەی كە نامرێ هەر ئەگاتە ڕۆژی ئازادیی
تۆ هەڵگری ئەو مەشخەڵەی كە مەردایەتی
هەڵی گیرسان بۆ باوەڕی ڕێی كوردایەتی

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share