نێردەی ترەمپ بۆ عێراق: سەرکردەکانی عێراق دیارییدەکەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری یان پارچەپارچەبوون دەچێت

مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، راگەیەندراوێکی لەبارەی عێراقەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرکردەکانی عێراق دیارییدەکەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری یان پارچەپارچەبوون دەچێت.

لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، مارک ساڤایا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای 23 ساڵ لە رووخانی دیکتاتۆرییەت، عێراق جارێکی دیکە لە قۆناغێکی گرنگدا وەستاوە. دەرفەتێکی مێژوویی بۆ رەخساوە کە دامەزراوەکانی ئاوەدانبکاتەوە و ئایندەیەکی خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەکەی دەستەبەربکات.

نووسیویشیەتی، “لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، عێراق نیشانیداوە کە سەقامگیریی راستەقینە کاتێک بوونی دەبێت، کە حکومەت رێبازێکی پراگماتیک و هاوسەنگ بگرێتەبەر کە وڵات لە ململانێ ناوچەییەکان دووربخاتەوە”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمڕۆ کە عێراق هەشتەمین ساڵیادی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا پیرۆزدەکات و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە، بەرپرسیارێتیی تەواو لەسەر شانی سەرکردەکانی وڵاتەکەیە و سەرکردە ئاینی و سیاسییەکانی عێراق دیارییدەکەن، کە وڵاتەکە بەرەو سەروەری یان پارچەپارچەبوون دەچێت.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی، لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپدا، ئەمریکا ئامادەیە بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق لەم قۆناغە گرنگەدا، من و تیمەکەم پابەندین بە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق لە ماوەکانی داهاتوودا، بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و ئایندەیەکی سەقامگیر و عێراقێکی خاوەن سەروەری، کە توانای داڕشتنی چارەنووسی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، هەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بۆ قەرەبووكرنەوەی هاوڵاتییانی هەڵەبجە 85 واژووی پەرلەمانتاران كۆكراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، 85 واژووی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكانیان كۆكردووەتەوە بۆ قەرەبووكرنەوەی ماددی و مەعنەویی هاوڵاتییانی هەڵەبجە.…
Total
0
Share