هاتوچۆی سلێمانی: داوادەکەین شاڕێی سەرەکیی بازیان بەکارنەهێندرێت

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، داوا لە شۆفێران دەکات شاڕێی سەرەکیی بازیان بەکارنەهێنن.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی بارانبارینی زۆر و بەلێزمە، ئاستەنگێکی زۆر لە شاڕێی سەرەکیی بازیان بە ئاراستەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە دروستبووە، بەتایبەت نزیک چێشتخانەی کانی شەیتان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکانیان، داواکارین تا ئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوھەوا، ئەو شەقام و شاڕێیە بەکارنەھێنن. مەفرەزەکانی ھاتوچۆ لەو سنوورەدا لە ئەرکدان و بەپێی تایبەتمەندی، ئەرکەکانیان جێبەجێدەکەن و ھاوکاریی شۆفێران دەکەن.

هاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت، لەسەر فەرمانی پارێزگاری سلێمانی، بەشێوەیەکی کاتی بازگەی تاسڵوجە بە رووی شۆفێراندا داخرا و دۆخەکە لەژێر چاودێریدایە و بە ئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوھەوا، رەوشی ھاتوچۆش ئاساییدەکرێتەوە و لە رێی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی، ئاگاداری بڵاودەکرێتەوە.

ئەوەش هاتووە، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، دەتوانن لە رێی ژمارەی کۆنترۆڵی ھاتوچۆی سلێمانی 188، داوای ھاوکاری بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share