دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئەوروپا “وریابێت” و خەریکە لە رێڕەوی ئێستای خۆی لادەدات.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەتی خۆی سەبارەت بە ئەو سزا داراییەی یەکێتیی ئەوروپا بەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، سەپاندوویەتی، ئاماژەی بەوەکردووە، باوەڕی بەوە نییە بڕیارەکە دروست بێت.
نووسیویشیەتی، “پێویستە ئەوروپا وریابێت، چونکە ئێستا لە رێگەیەکی خراپدایە و پێویستە وەک خۆی بمێنێتەوە و لانەدات”.
لە چەند مانگی رابردوودا، یەکێتیی ئەوروپا چاودێریکردنی پلاتفۆرمی ئێکس-ی چڕکردووەتەوە کە خاوەنەکەی، ئێڵۆن مەسک، ملیاردێری جیهانییە، ئەمەش دوای تۆمەتبارکردنی ئێکس بە پابەندنەبوون بە یاساکانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵیی یەکێتیی ئەوروپا، بەتایبەتی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان (DSA) کە داوا لە پلاتفۆرمە گەورەکان دەکات، ناوەڕۆکی نایاسایی لاببەن و بەشێوەیەکی توندتر بەرەنگاری قسەی نەشیاو و زانیاریی نادروست ببنەوە.