قوباد تاڵەبانی بۆ عەمار حەکیم: پێویستە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت

وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو لایەنە عێراقییەکان لە پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە کاربکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق، بە جۆرێک کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی پێیوایە چارەسەری زۆربەی کێشەکانی عێراق، لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی هەموو ماددەکانی دەستووردایە.

جەختی کردەوە، لەسەر پێویستیی رێککەوتنێکی تۆکمەی نێوان لایەنە عێراقییەکان، بە جۆرێک کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیدا، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە لێپرسینەوە لە حکومەتی داهاتوو بکرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share