وەزارەتی خوێندنی باڵا: 105 خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی عێراق وەرگیراون

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، 105 خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی عێراق وەرگیراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دەرچووانى 12ی ئامادەیی هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکەینەوە ئەوانەى داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق پێشکەشکردبوو ئێستا دەتوانن لە ڕێگەى (dirasat.mohesr.gov.iq) ئەنجامى وەرگرتنیان وەربگرنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقى فیدراڵ لە بەغداد بەڕێوەچوو، هەریەک لە د. نەعیم عەبودی، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکومەتى عێراقى فیدراڵ و د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتیى خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمی کوردستان، ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانی ناوەڕاست و باشوورى عێراق و هەروەها ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان راگەیەندا.

وەزارەتەکە دەڵێت، لە ئەنجامى هەماهەنگیى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێی کوردستان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق بریاردرا بە دابینکردنى 400 کورسیى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەشەوە دابینکردنى 400 کورسیى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی ناوەڕاست و باشوورى عێراق.

دەشڵێت، بۆ ئەم مەبەستە لە 127 خوێندکارى هەرێمى کوردستان کوردستان کە داواکارییان پێشکەشکردبوو 105 خوێندکارى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق وەرگیران، هەروەها لە 1657 خوێندکارى ناوەڕاست و باشوورى عێراق 263 خوێندکار لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان وەرگیران.

ئاماژە بەوەشدەکات، ئێستا سەرجەم وەرگیراوان پێویستە پەیوەندى بەو کۆلێژ و بەشانەوە بکەن کە ناویان لێ گەڕاوەتەوە بە مەبەستى دەستکردن بە مامەڵەى وەرگرتن، دەرچووانى 12ی ئامادەیی هەرێمى کوردستان لەڕێگەى لینکى (dirasat.mohesr.gov.iq) دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق بدۆزنەوە، هەروەها دەرچووانى 12ی ئامادەیی ناوەڕاست و باشوورى عێراق لەڕێگەى لینکى (regayzanko.com) دتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بدۆزنەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share