وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە 31ی کانونی دووەم ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە 50 توشبووی نوێ تۆمارکراون و دوو کەسی دیکەش گیانیانلەدەستداوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “لە هەولێر هەشت توشبوو، سلێمانی 17 توشبوو، دهۆک 19 و گەرمیان شەش توشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکراون”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراون کە هەردوو حاڵەتەکە لە سلێمانی بووە.
بەپێی ئامارەكەی وەزارەتی تەندروستی تائێستا 106 هەزار و 78 توشبووی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، لەو ژمارەیە 98 هەزار و 796 توشبوویان چاكبوونەتەوە و سێ هەزار و 470 توشبوو گیانیان لەدەستداوە.