فایزەر تاقیكردنەوە لەسەر ژەمی سێیەمی ڤاكسن بۆ منداڵان دەكات

کۆمپانیاكانی فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی ئاشکرایانکردووە، تاقیکردنەوەکانیان ‏بۆ وەرگرتنی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا لەلایەن منداڵانی دوو، سێ و چوار ساڵەوە ‏دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ژەمەكانی یەكەم و دووەمی ڤاکسینەکەیان کاریگەریی ‏نەبوو.‏

فایزەر – بایۆنتێك ڕایانگەیاندووە، ژەمی یەکەم و دووەمی ڤاکسینەکەیان دژی ڤایرۆسی ‏کۆرۆنا لە منداڵانی دوو ساڵ تا چوار ساڵدا وەڵامدانەوەی ئەرێنیی نەبووە وەک ئەوەی لە ‏نەوجەوانان و پێگەیشتوواندا بەدەستهاتووە.‏

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، لە ئەگەری سەرکەوتوویی ژەمی سێیەمی ‏ڤاکسینەکە بۆ منداڵانی خوار پێنج ساڵ، لە نیوەی یەکەمی ساڵی داهاتوودا کۆمپانیاکە ‏داتاکان دەداتە لایەنە تەندروستییە فەرمییەکان. ‏

هەردوو کۆمپانیاکە پێشتر ڕایانگەیاند، تاقیکردنەوەکانیان لەسەر دوو ژەمی ڤاکسینەکە بۆ ‏منداڵانی شەش مانگ تاوەکو دوو ساڵ کاریگەریی هەبووە و وەڵامدانەوەکانی ئەرێنی ‏بوون، بەڵام لە منداڵانی دوو ساڵ تا چوار ساڵ کاریگەریی نەبووە. ‏

یەکێک لە توێژەرانی سەرەکیی تاقیكردنەوەكان دەڵێت، “تووشی بێهیوایی بووین لە ‏تاقیکردنەوەکانمان لە ژەمی یەکەم و دووەم، بەڵام پێشبینی دەکەین ژەمی سێیەم ئەو ‏ئەنجامە بدات بەدەستەوە کە دەمانەوێت”.‏

تائێستا کۆمپانیای فایزەر تاقیکردنەوە لەسەر ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەی دەکات لەسەر ‏منداڵانی تەمەن پێنج بۆ 11 ساڵ، هەروەها 12 بۆ 17 ساڵ و نەگەیشتووەتە قۆناغی ‏کۆتایی.‏

بابەتی پێشتر

لیڤاندۆڤیسكی ژمارەی پێوانەیی نوێی تۆماركرد

بابەتی دواتر

تەم مەودای بینینی كەمكردووەتەوە.. كاریگەریی شەپۆلی بارانبارین كەمبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share