قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی پێشوازیکردنی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، “دەرگای هەرێم و هەموو پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەڕووی پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو لەگەڵ ئەمریکادا لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی و کلتووری”.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ئاماژەی بەوەکرد، “بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم سەلمێنەری ئەوەیە کە دەبێت ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت”.
وتیشی، “ئامادەین بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاوڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات”.
ئاشکراشیکرد، “سوپاسی ئەمریکام کرد لە هاوکاریکردنی هەرێم بۆ چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختیشمان کردەوە لەسەر بەردەوامیی پرۆسەکە تا ئەو کاتەی دەبینە خاوەنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دوور لە هەرچەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حزبی”.