وەزارەتی دارایی راپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی نۆ مانگی رابردووی عێراقی بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی داهاتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵ 91 تریلیۆن و 847 ملیار دینار بووە، لەو ژمارەیە 81 تریلیۆن و 748 ملیار دیناری داهاتی نەوت بووە، کە کۆی 90%ی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، هەروەها 9 تریلیۆن 419 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بووە و کۆی %10ی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت.
سەبارەت بە خەرجییەکانیش ئەوەی خستەڕوو، خەرجییەکانی عێراق لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا گەیشتووەتە 99 تریلیۆن و 976 ملیار دینار، ئەمەش واتە بڕی کورتهێنان لەو نۆ مانگەدا لە 8 تریلۆن دینار زیاتربووە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەغداد بڕی 8 تریلیۆن و 331 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان بڕی 679 ملیار و 346 ملیۆن دیناری وەک داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغداد کردووە.