پێشڕەو مەلاوەیسی، رۆژنامەنووس و میدیاكار وتارێکی لەژێر ناونیشانی (ئەم جارە مێژوو بەدەستی كورد خۆی دووبارەكردەوە) بڵاوکردەوە.
دەقی وتارەکەی:
ئەوەی ئەمڕۆی گوندی لاجان، جارێكی تر گێڕامانییەوە مێژوویەكی تاڵ و برینە قەدماغ بووەكانی سەر دڵی كەسوكاری ئەنفالكراوانی كولاندەوە، زامی خوێن لێچۆڕاوی شنگالی زامدارتر كرد، ئاخر لە چی مێژوویەكی مرۆڤایەتیدا بینراوە و بیستراوە و نووسراوەتەوە، گەلێک بەدەستی گەلەكەی خۆی، لەسەر ماڵ و حالی خۆی، ئاوارەبكرێت، بۆ ئەوانەی ئەنفال و كۆڕەویان بینیوە وێنەكە غەریب نەبووە، چونكە مێژوو دووبارەبووەتەوە و هیچی تر، بەڵام چی مێژوویەک، مێژوویەكی لەبیرنەكراو، بۆ ئەو نەوەیەی نەوەی دوای ئەنفالە، ئەوان تەنیا لە رێگەی مێژووەوە چیرۆكە تراژیدیاكانی میللەتەكەیان خوێندووەتەوە، بەڵام لاجان وێنە راستەقینەكەی ئەنفال و تەعریب و تەبعیزی پیشاندانەوە و ئیدی بە چاوی خۆیان ئازاری بەسوێی راگواستن و داگیركردنی خاک و ماڵیان بینی.
نازانم لەكوێی دنیادا بووە، تاكەكانی ئەو گەلە داوای نان و ژیان بكەن بە لولەی چەک و زەبر و زەنگ وەڵامبدرێنەوە، ئەگەر لەو مەملەكەتەی ئەوبەر نەبێت، راگواستن و ئاوارەبوون ئەو دەستەواژانەبوون، كە تەنیا رژێمی بەعسی پێدەناسرایەوە! بەڵام داخەكەم مێژووی حكومڕانی كابینەی نۆی كوردیش هەمان ئەو كارانەی بەرامبەر میللەتەكەمان لە رابردوودا، لەسەر دەستی نەیارەكانی گەلەكەمان ئەنجامدرابوو، ئەنجامیدایەوە.
ئەو مرۆڤانەی لە گوندی لاجان دەژین و دەژیان، تەنیا داوایان نان بوو بۆ ئەوەی بژین، داوایاندەكرد لەبری ئەو هەموو كرێكارە توركەی لە بەرچاویان و لەسەر خاكەیان رۆژانە نان و ژیان بۆ خۆیان و خێزانەكانیان پەیدادەكەن، ئەوانیش كە چەند گەنجێكی خێر لەخۆنەدیوی گوندەكەیان پارووەنانێک بۆ خێزانەكانیان و ئایندەی خۆیان پەیدابكەن، بەڵام نەیانزانی ئەوەی هەشیانە داگیردەكرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت، نەیانزانی گوندەكەیان لە بری ژیانكردنی خەڵكەكەی دەكرێتە سەربازگە، نەیاندەزانی ئیتر مامۆستای ئاینی مزگەوتەكەیان لەبری (حي علی الصلاة، حي علي الفلاح) ناڵێت، نەیاندەزانی ئیتر مامۆستای خوێندنگەكەیان ناتوانێ بە خوێندكارەكانی بڵێت دارا دوو داری دی، ئیدی دەبێت مامۆستای ئاینی مزگەوتەكەیان بڵێ خەڵگی گوندی لاجان تكایە لە ماڵەكانتان بچنەدەرەوەی گوند، مامۆستای خوێندنگەكەیان لەبری دارا دوو داری دی، دەبێت بلێت خوێندكاران تكایە نەكەن داوای نان و ژیان و ئازادی بكەن، چونكە جارێك گواستراینەوە لەسەر كورد بون و نیشتیمان پەروەری و داكۆكیكردن لە شۆڕشگێڕەكانمان، بەڵام جارێكی تر لەسەر دەستی حیزبێكی كوردی خۆمان و حكومەتەكەی ڕاگواستراین و ماڵمان دەستی بەسەردا گیرا!
دەی ئێوە زۆر لە مێژە گوێتان لە خەڵك و خاك و نەتەوەكەتان نەبووە، جا بۆیە لاجان و خەڵكەكەی چۆن بۆتان گرنگە بێت.