وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری تووشبووانی ئایدزی بڵاوکردەوە کە لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی ئایدز ئامارێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردندا ئەمساڵ 2025 لە ماوەی 11مانگی رابردوو، تەنها لە کەرتی گشتی، نزیکەی 609 هەزار و 306 تێستی پشکنینی تاقیگەیی خوێن لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجامدراون، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان و راگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازییەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل و هەوکردنی جگەر و تالاسیمیا و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەر پڕۆسەیەکی پزیشکی بەرکەوتن یان بۆ هەر پشکنینێکی رۆتینی بۆیان ئەنجامدراوە.
لە چوارچێوەی پرۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیی ئایدز، سەڕەڕای چەندین چاڵاکیی هۆشیاریی تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پشکنین.
دەشڵێت، لە دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنها 87 حالەتی نوێ دەستنیشان کراون کە تیایدا 64 حالەتی بیانی و هاوڵاتییانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و 23 حاڵەتی هاوڵاتی و دانیشتووی ناو هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە و هەموو حاڵەتەکانی نوێ و ساڵانی رابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێریی تەندروستی و خۆپارێزیدان کە ژمارەی تێکڕای هەموو ساڵەکان 150 حالەتی هەڵگری ڤایرۆسی HIV ئەیدزن و بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاریی تەندروستییان پێدەدرێت.