پاش کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاندیدی سوننەکان بۆ پێگەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
عەمار عەزاوی، ئەندامی هاوپەیمانیی سیادە بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، ئەرکی سەرەکیی سوننەکان ئەوەیە بە کۆدەنگییەوە کاندیدێک هەڵبژێرن کە هەمووان لەسەری کۆک بن، هەروەها ئەو کاندیدە کەسێک بێت بتوانێت لە ئەنجومەنی نوێنەران، نوێنەری هەمووان بێت.
وتیشی، چەند ناوێک گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و ئێستا کاری لە پێشینەی سوننەکان گەیشتنە بە کۆدەنگی لەسەر ناوێک، هەروەها سوننەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێت، دەبێت تەنیا لەلایەن ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانییەوە هەڵبژێردرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، سوننەکان چاوەڕێن شیعەکان کاندیدیان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵبژێرن، پاشان چاوەڕێی کوردەکان دەبن تاوەکو کاندیدیان بۆ پێگەی سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێرن، پاشان کانیدی خۆیان بۆ پێگەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرادەکەن.