بەهۆی ئەوەی رەفەکانی فرۆشگەکان پڕن لە شیرینیی کریسمس، زۆرێک چاوپۆشی لەو راستییە دەکەن کە زستان خۆی بەدیلێکی تەندروستتر و سوودبەخشتر پێشکەشدەکات.
میوەی وەرزیی دەوڵەمەند بە ریشاڵ و دژە ئۆکسێنەر، کە لەم کاتەی ساڵدا دەگەنە لوتکەی پێگەیشتنیان.
بەگوێرەی وتەی رۆب هۆبسۆن پسپۆڕی خۆراک، “پێویستە سێو، گوێزی هیندی، بلوبێری بکرێنە ناو سەبەتەی بازاڕکردن بەجێگەی ئەو خواردنانەی دیکە کە رێژەی چەوری و شەکریان زۆرە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “خواردنەکان بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەت ئەوانەی جەژنی سەری ساڵ و جەژنەکانی دیکە زۆر پرۆسێس دەکرێن، پڕن لە شەکر و چەورییە ناتەندروستەکان، هەروەها ماددە خۆراکییە سوودبەخشەکان تیایاندا زۆر کەمن.
دەشڵێت، ئەو خۆراکانە دەتوانن ببنە هۆی بەرزبوونەوەی توندی ئاستی شەکر لە خوێندا، بەتایبەتی کاتێک بە رێژەیەکی زۆر بخورێت.
لێرەدا چەند میوەیەکی سەرەکیی زستانە دەخەینەڕوو کە هۆبسۆن پێشنیاری دەکات:
هەرمێ: یارمەتیی هەرس دەدات و کێشەی قەبزی چارەسەردەکات کە زۆرجار بەهۆی سەرماوە دروست دەبێت، سەرچاوەیەکی نایابی ریشاڵە بەتایبەت ئەگەر بە توێکڵەوە بخورێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڤیتامین C، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B و مادەی پۆلیفینۆڵی تێدایە کە بۆ بۆرییەکانی خوێن بەسوودە.
سێو: ریشاڵی تواوەی تێدایە کە بۆ تەندروستیی ریخۆڵە و دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خراپ بەسوودە. توێژینەوەیەک لە ساڵی 2019 دەریخستووە خواردنی دوو سێو لە رۆژێکدا کۆلیسترۆڵی خراپ دادەبەزێنێت.
توی رەش: بە ریشاڵ و مادەی ئەنسۆسیانین دەوڵەمەندە کە بۆ تەندروستیی دڵ، بۆرییەکانی خوێن و مێشک بەسوودە، لە هەمان کاتدا رێژەی شەکر تێیدا کەمە، دەتوانرێت بەیانیان لەگەڵ ماست یان شۆفان بخورێت، ئەم میوەیە دژە ئۆکسانی بەهێز و ڤیتامین C و Kـی تێدایە.
توی سوور: بە توانای پاراستن لە هەوکردنی میزەڵدان، بەسوودە، چونکە رێگری دەکات لەوەی بەکتریای ئیکۆلای بە دیوارەکانی میزەڵدانەوە بنووسێت.