پەیامێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بەبۆنەی ساڵیادی بونیادنانی سلێمانی

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی 241ـهەمین ساڵیادی بونیادنانی شاری سلێمانییەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

لە یادی 241 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی، پایتەختی ئیمارەتی بابان، پایتەختی یەكەمین حكومەتی كوردی لە سەردەمی مەلیك مەحموددا، پایتەختی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕی، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خەڵكی شار و جەماوەر و دانیشتووانەكەی دەكەین.

شاری سلێمانی لە بزاوت و جووڵانەوەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕی و كوردایەتیدا، لە بەرەنگاربوونەوەی داگیركاریدا  هەمیشە پێشەنگ بووە، بەتایبەتی لە سەردەمی دەستپێكردنی خەباتی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێدا، ئەم شارە و یەكێتی لە گشت قۆناغەكاندا بە قوربانیدان و گیانبەخشینی هەزاران رۆڵەی لەبەر پەتی سێدارە و لە سەنگەرەكانی بەرگریدا. بوونەتە دووانەیەكی دانەبڕاو لە یەكتری.

بۆیە لەم یادەدا و جارێكی تر، هەموو پشتیوانییەک بۆ برەودانی زیاتر بە گەشانەوە و پێشخستنی شارە حەیاتەكەمان دووپاتدەكەینەوە كە لە ئاستی جاویدانی و پڕشنگداریی سلێمانیدا بێت.

سلێمانی بە مێژوویەكی كەمی بونیادنانی وەک شارێک، بەڵام بە تۆمارێكی زۆری پێشەنگی لە بوارە جیاجیاكانی شارستانێتیدا، توانیویەتی ناسنامەیەكی پڕ لە سەرفرازی بۆ خۆی دروستبكات.

دووبارە پیرۆزبێت ساڵیادی بونیادنانی شار و هەمیشە ئاوەدانتر بێت سلێمانی.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share