لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان، بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند، رێگای مەدەنی بۆ دەربڕینی دڵخۆشی بگرنەبەر.
لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان، بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین کە توانیان ئازادانە مومارەسەی مافی سیاسیی خۆیان لە دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بکەن و ئەزموونێکی دیکەی هەڵبژاردن، وەکو یەکێک لە پایەکانی دیموکراسی، سەربخەن.
دەشڵێت، دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی بەرگریی شارستانی، پێشمەرگە و ئاسایش دەکەین کە ماندوونەناسانە پارێزگاریان لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی دەنگدان، پرۆسەی هەڵبژاردن بە دەنگدەر و کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرەکان کرد و لە سایەی شەونخوونیی ئەوان و بەهێزی ئیرادەی خەڵک، توانرا ئەو ئەزموونەش بە سەرکەوتوویی تەواوبکرێت.
دەشڵێت، سوپاس بۆ کارمەندانی کۆمسیۆن و چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەکی و نوێنەرانی کیانە سیاسییەکان کە پێکەوە زەمینەی بە ئازادی بەڕێوەچوونی ئەو خولەی هەڵبژاردنیان ئامادەکرد و بەڕێوەبرد.
باس لەوەشدەکات، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆنی باڵاوە، رێگای مەدەنی بۆ دەربڕینی دڵخۆشییان بە سەرکەوتنی حزب و کاندیدەکانیان بگرنە بەر و دوور بکەونەوە لە هەر رێگایەکی مەترسیدار و ناشارستانی وەکو تـ.ـەقەکردن و سەرکێشیی هاتوچۆ کە زەمینەی زیانی گیانی و ماددی لێدەکەوێتەوە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.