شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ فازڵ میرانی: ناماقوڵیت کرد و نەک هەر تەنیا شەکرت شکاند بەڵکو قەندی کەرەجیشت شکاند

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی ئاراستەی فازڵ میرانی کرد و نووسیویەتی، “جارێ یەکەم ناماقوڵیت کرد و نەک هەر تەنیا شەکرت شکاند بەڵکو قەندی کەرەجیشت شکاند”.

دەقی پەیامەکەی خانمی یەکەمی عێراق:

ئەگەر ئەتەوێت لاپەڕەکانی خیانەت هەڵبدرێنەوە کێشە نییە باهەڵی بدەینەوە، بەڵام پێویستە پێشەکی بزانین لە فەرهەنگی ئێوەدا خیانەت و جاشایەتی و خۆفرۆشی بە واتای چی دێت و لای ئێمەی کوردیش بەچی؟

تۆ باسی شەستەکانت کرد، بەڵام من پێم باشە بگەڕێنەوە بۆ چلەکان و بەتایبەتی بۆ سەردەمی کۆماری مەهاباد، ئەرێ ئەوە باوکی من بوو کە پشتی کردە پێشەوا و لەچاوتروکانێکدا بە جۆگەلەی ئاراسا پەڕییەوە و بەجێیهێشت؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی ئێوە بوو کە باوکی منی لە روسـ.ـیاوە دووبارە گەڕاندەوە عێراق و کردیە ئەوەی کە بوو و پاشان خیانەتی لێکرد، یا باوکی من بوو؟

ئەوە باوکی من بوو لە سەرەتای شەستەکاندا تەیارەی باجر و سۆخۆی و دەبابەی حکومەتی عێراقی ناردە سەر لادێ و ژن و مناڵی ئێوە لەکانی حسێنی؟ ئەی ئەوە باوکم بوو کە ئاگری بەردایە ماڵە گڵییەکەتان و کتێب و یادگارییەکانی مناڵیی رابردووتانی سووتاند؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا باوکی ئێوە بوو کە بە شانازییەوە وتی، ‘من قەیتانی پێڵاوەکانی عەبدولکەریمم؟’ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو، یا باوکی ئێوە بوو کە پەیماننامەی ئازاری لە پشتەوە بە دەرهێنانی کەرکوک لە موعادەلەیەکا واژووکرد، بەبێ گوێدانە گرنگی و ماندووبوونی ئەوانەی کە کەرکوکیان بە گرنگترین خاڵی ئەو پەیماننامەیە دانابوو؟ ئەرێ ئەوە ئێوە بوون یا باوکی من بوو کە ئاشبەتاڵی کرد و چەمایەوە و دەستی شای ئێرانی ماچکرد؟ باوکی من تەرمی سلێمانی موعینی و برادەرانی دایەوە ئێران؟ ئەرێ ئەوە باوکی من نەبوو کە لە مەلا مستەفا پاڕایەوە و وتی، ‘کاک عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسێن ئازارمەدە، با ناکۆکییەکان قووڵترنەبنەوە؟’ باوکم تاوانی هەکاریی ئەنجامدا؟

ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە دەبابەی سەدامتان هێنایە ناو هەولێری پایتەختەوە و پەرلەمانی بەخوێن دەستکەوتووی گەلەکەمانتان داگیرکرد؟؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە زیاتر لە نەوەد ئەفسەری ئەندامی ئای ئێن سی و ئوپۆزسیۆنی عێراقی کە لە هەولێرەکەمانا پەنابەر بوون، رادەستی سەدامی کردن و لەسێدارەیدان؟ ئەرێ ئەوە ئێمە بووین یا ئێوەبوون کە لە بەرەبەیانا شەنگالتان رادەستی داعـ.ـش کرد و رێگەتان دا لە بازارەکانی رەقـ.ـقەدا کڕین و فرۆشتن بە کێژۆڵە نازدارەکانمانەوە بکرێت؟ ئەرێ باوکی من نەوتی هەرێمی تاڵانفرۆش کرد؟ ئەرێ ئەوە باوکی من بوو یا ئێوە بوون کە بە ریفراندۆمێکی بێسەروبەر، لەسەدا پەنجا و یەکی خاکی کوردستانتان بە کەرکوکیشەوە لەدەستدا؟ ئەرێ ئەوە ئێوە نین کە شاری ئازیزی قەڵا و منارەتان کردووەتە شانۆیەک بۆ سەماکەر و کچەمۆدێل و ئاستنزمەکانی ئەملا و ئەولا؟ پێ ئەچێت کە تێکەڵاویتان لەگەڵ دەرودراوسێکاندا کاریگەریی لەسەر زمانتان دروستکردبێت! چونکە بافڵ باسی سەردەمێکی کرد، کە هەمووان شاهێدین و تێیدا ئەژین، کەچی تۆ باسی هەڵتەکاندنی قەبری مردوو ئەکەیت!!

ئەگەرچی ئێمە وا پەروەردە نەکراوین کە بێڕێزی بەرامبەر بە مردوو بکەین، بەس تۆ زۆر زیاد رۆیشتیت و کارێکی واتکرد، کە پڕیشکی هەڵتەکاندنی قەبرێک، قەبرەکانی خوشتان هەڵتەکێنێت!! گەر پێویستت بە بەڵگەش هەیە، دەتوانم نامەکانی خوالێخۆشبووان پێشەوا قازی محەمەد و مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی و تۆمارە دەنگییەکانی نێوان باوکم و خودی کاک مەسعودی کاتی شەڕی ناوخۆ و بەڵگەنامەکانی ئەحمەد چەلەبیت بۆ بڵاوبکەمەوە!

خۆ کە ئێمە بێدەنگین، مانای ئەوە نییە کە زمانمان قرتاوە و پەنجەکانمان هەڵوەریون.. ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتی ئەکەین بەرامبەر بە ژیانی هاوڵاتییانمان و راگرتنی ئاشتی، تەبایی، ئارامی و سەقامگیریی هەرێمەکەمان.

بابەت زۆرن کە لێرەدا جێی نابێتەوە و ئەمەوێت بگەڕێمەوە سەر بەیانەکەی کە لە یانزەی ئازاردا بڵاوتانکردەوە، ئەگەر وردەکارییەکانی ناو پەیماننامەکەشم لەیادکردبێت، هەرگیز لافیتەکانم لەیادنەکردووە کە بە خەتی خۆم نووسیم و بە دیوارەکانی بەغدایا بۆمان هەڵواسین، گەر بیرتچووە بابیهێنمەوە بیرت کە چیی لەسەر نووسرابوو (یا من تعب یا من شگە یا من علە الحاضر لگە).

بەداخەوە، ئێوە هەر وابوونە و هەموو شتێکتان بۆ لواوە، بۆیە باکتان نە بە مردوو و نە بە زیندووش نییە، وا ئەزانن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک، ئەتوانن دەستی چەوری خۆتان بە سەرە بەرزەکان بسڕن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share