وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ میدیاکان: مەبن بە ڕایەڵێکی میدیایی بۆ تیرۆریستان

وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە کەناڵ و میدیاکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لەلایەن داعشەوە بەرهەمهێنراون و ڕایگەیاندووە، “بە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە بە بێئاگایی، دەبن بە ڕایەڵێکی میدیایی تیرۆریستان”.

هەروەك وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی دا کە داعش بەرهەمیاندەهێنێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری باس لەو وێنە و ڤیدیۆیانە دەکات کە شەوی ڕابردوو لەلایەن بەشێک لە پەیجەكانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانەوە بڵاکرانەوە کە داعش بەرهەمیهێناون و ڕایگەیاند، “ئاگاداری گشت میدیا بینراوەکان و پۆرتاڵەکانیان دەکەینەوە کە بەهیچ جۆرێک ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە بڵاونەکەنەوە کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرهەمهێنراون و تایبەتن بە هێرشەکانیان بۆسەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیل”.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا هاتووە، “بە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە بە بێئاگایی ئەم کەناڵانە دەبن بە ڕایەڵێکی میدیایی تیرۆریستان و لەوێوە ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لەنێوان هاوڵاتییاندا بڵاودەکەنەوە”

جەختیکردووەتەوە، “بڵاوکردنەوەیان پێچەوانەی ماددەی سێیەمی بڕگەی سێیەمە لە ڕێنوێنیی ژمارە 1ی ساڵی 2014ی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان”.

بە بڕیاری وەزارەتی ڕۆشنبیری هەر کەناڵێک پێچەوانەی ئەو گشتاندنە هەڵسوکەوت بکات، “ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکە، بۆیە پێویستە پابەندی یاسا و ڕێنوێنییەکان بن”.

بابەتی پێشتر

نیویۆرک تایمز: سوریا بووەتە سەرچاوەی حەبە هۆشبەرەکان لە جیهاندا

بابەتی دواتر

سەرچاوەکانی ئاو دڵنیایی دەدات کەمئاوی کاریگەریی لەسەر ئاوی خواردنەوە نابێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share