ڕێکخەری ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرایکرد، لەماوەیەکی نزیکدا شوێنی خاڵی سێ ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو حزبە پڕدەکرێتەوە.
دلێر عەبدولخاڵق، ڕێکخەری ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لەسەر چەند پرسێک بوو، زیاتر بۆ ڕێکخستنەوە و دۆخی ناوخۆی بزوتنەوەکە بوو”.
لە کۆبوونەوەکەدا جڤاتی نیشمانیی گۆڕان لەسەر پرسی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد گفتوگۆی کردووە و بۆچونی وابووە کە هەرێم دەبێت لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوێت.
لەماوەی چەند مانگێکدا سێ ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و ئێستا بزوتنەوەکە جێگەکەیان پڕدەکاتەوە.
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە رێکخەری گشتییەوە لە 7 ئەندام پێکدێت، بەڵام ئێستا تەنها چوار ئەندامی خانەکە ماون و پێشتر جەلال جەوهەر دەستی لەکارکێشایەوە و لەماوەی مانگێکدا هەریەک لە عەدنان عوسمان و شەماڵ عەبدولوەفا دەستیان لە کارکێشایەوە.