کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، سبەینێ قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییدێت و دەچینە قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردنەوە.
بێدەنگی هەڵبژاردن چییە؟
بێدەنگی هەڵبژاردن بە یەکێک لە قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن هەژماردەکرێت، کە راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و بە پرۆسەی دەنگدان کۆتاییدێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، سبەینێ شەممە کاتژمێر 7:00 ی بەیانی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییدێت و قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
لە قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردندا لایەنە سیاسییەکان پابەنددەکرێن بە کۆتاییهێنان بە بانگەشە بۆ حزب و کاندیدەکانیان، لە بەرامبەردا میدیاکان سەرنجدەخەنە سەر هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن، هۆشیارکردنەوەیان لەبارەی چۆنێتی بەشداریی لە پرۆسەکە.
حەسەن هادی زایر ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، “هەر لایەنێک پابەندنەبێت بە قۆناغی بێدەنگی هەڵبژاردن بە توندترین شێوە سزادەدرێت، ئەگەری هەیە سزاکە تا دوورخستنەوە بڕوات”.
جەختیشیکردەوە، “لەدوای کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە چڕی چاودێری حزب و لایەنە سیاسیی و کاندیدەکان دەکەن، لە هەر سەرپێچییەک بە خێراترین کات سکاڵایان لە دژ تۆماردەکرێت”.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، دواتر و لە رۆژی سێشەممەدا پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.