جەبار گۆران ئاشکرایدەکات، لە 24 کاتژمێری رابردوودا، یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 350 دۆلار لە بەهاکەی دابەزیوە و زۆر کەس تووشی زیان بوون.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “پێشتر وتبووم زێڕ و زیو ئەگەر ناشارەزایانە مامەڵەیان پێوەبکرێت وەک مار بە مامەڵەکارەکەوە دەدەن، بۆیە تەنیا لە ماوەکانی دوێنێدا چەندین کەس بەهۆی دابەزینی بەهای زێڕەوە تووشی زیانی گەورەبوون”.
دەشڵێت، “سەرچاوەی ئەم قسەیەم ئەوەبوو کە کۆمەڵێک کۆمپانیا و بانکی زەبەلاح لە جیهاندا یاریی بە بازاڕ و بەهای زێڕ و زیوەوە دەکەن، چەندین دەزگایان هەیە کار لەسەر ئەوە دەکەن لە رێگەی پێشبینییەوە وا لە خەڵک و مامەڵەکاران بکەن کە زێڕ و زیوە بکڕن یان بیفرۆشن، ئەمەش لەپێناو قازانجی خۆیاندا”.
لەبارەی کەمبوونەوەی مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، “مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە کەمبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەوە بوو کە کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیا فێڵیان لە خەڵک کرد و ئەزموونێکی ناخۆشیان بە خەڵک بەخشی، بۆیە قەبارەی مامەڵەکان بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان کەمبووەتەوە”.