قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەمجارەش سەرۆک بافڵ قسەی خۆی دەباتەسەر و لە بەغدادەوە کێشەکانی هەرێم چارەسەردەکات.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، “راستییەکی تاڵ بەڵام حاشاهەڵنەگرە، لە دوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال کە حزوری یەکێتی لە بەغداد لاوازبوو، کە پێگەی یەکێتی لە کوردستانیش لاوازبوو، دۆخی ئابوری و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیش لاوازبوو. هەمووان دەزانن چەندین بڕیاری ستراتیجیی هەڵە دران کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان تێکدا و پێگەی هەرێم و قەوارەی هەرێمیان خستە مەترسییەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم یەکێتییەی ئەمڕۆ بەهێزترە لە هەر کاتێكی دیکە و خاوەنی بڕیاری خۆیەتی. ئەم یەکێتییە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدادەوە چارەسەردەکات و رێگەنادات کەس بە بڕیار و سیاسەتی هەڵە، جارێکی دیکە ژیان و گوزەرانی خەڵک و داهاتووی هەرێم بخاتە مەترسییەوە.
دەشڵێت، “با بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکرابێت، یەکێتی خاوەنی قسەی خۆیەتی، وەکچۆن هاوسەنگیی هێزی رێکخستەوە، وەکچۆن لە کەرکوک قسە و بەڵێنی خۆی بردەسەر، وەکچۆن بەبێ رەزامەندیی یەکێتی و سەرۆک بافڵ حکومەتی هەرێم پێکنایەت. بەدڵنیاییشەوە ئەمجارەش قسەی خۆی دەباتەسەر و لە بەغدادەوە کێشەکانی هەرێم چارەسەردەکات”.