بەپێی زانیارییەکان، پارێزگاری کەرکوک بە نووسراوێک داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە زیاتر لە دوو هەزار و 200 دەرچوو دابمەزرێندرێن.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە شاری کەرکوک گواستییەوە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، لەگەڵ مامۆستایانی خۆبەخش و دەرچووانی پەروەردە کۆبووەوە و بە نووسراوێک داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە لەو حەوت هەزار دەرفەتی دامەزراندنەی کە هەفتەیەک لەمەوبەر رایانگەیاند، رەزامەندیی بدرێت جێگەی دوو هەزار و 200 دەرچووی پەروەردە و مامۆستایانی خۆبەخش بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لەو حەوت هەزار دەرفەتی دامەزراندنەی کە راگەیەندرا، جێگەی مامۆستایانی تێدا نەکرابوویەوە، هەروەها بەپێی بڕیارەکە نەدەبوو لەو حەوت هەزار کەسەدا دەرچووی وەزارەتی پەروەردەی تێدابێت، بەڵام بە بڕیاری پارێزگاری کەرکوک ئەو کێشەیە چارەسەرکرا، بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ئەو نووسراوەی پارێزگاری کەرکوک بدرێت.