“کۆتایی هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە ئامادەدەبێت بۆ دەنگدان”

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێرق، باس لە هەوڵەكانی ناو پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە دەكات و دەڵێت، “کۆتایی هەفتەی داهاتوو، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق ئامادەدەبێت بۆ دەنگدان.”

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “لیژنەی دارایی پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ 37 مادەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 کردووە.”

وتیشی، “بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە، لیژنەی دارایی لەگەڵ زۆرینەی دەستە و نوێنەری وەزارەتەکاندا کۆبووەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە ئامادەکردنی پرۆژەیاساکەیە بۆ دەنگدان.”

سەبارەت بەوەی كەی پرۆژەیاساكە دەخرێتە قۆناغی دەنگدانەوە؟ جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا ئاشكرایكرد، “ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا چارەسەربکرێت و هیچ گرفتێکی لەناكاو نەیەتە ئاراوە، ئەوا ئەگەرێكی زۆر هەیە كۆتایی هەفتەی داهاتوو، پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق ئامادەبێت بۆ دەنگدان.”

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، جارێكی تر سەردانی بەغدادی كرد و بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی بودجە و پشكی هەرێم و گفتوگۆكردن سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا كۆبووەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، محاسن حەمدون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لیژنەكە لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان دوا و وتی، “كۆبوونەوەكە باش و ئەرێنی بوو، شاندی كوردستان زانیارییەكانی خستەڕوو، پێشبینی دەكەم هەنگاوەكانی دواتریش ئەرێنی بن.”

سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا، محاسن حەمدون ڕایگەیاند، “ناڕەزایی بەرانبەر بە پشكی هەرێم نەبووە و لە كۆبوونەوەكەدا باسی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان كراوە.”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجە دەگەن بە ڕێككەوتن، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گەشبینیی خۆی نیشاندا و جەختیكردەوە كە هەوڵەكان بە ئاڕاستەی ڕێككەوتندا دەڕۆن و وتی، “شاندی هەرێم زانیاری و داتاكانی پەیوەست بە نەوت و دەروازە سنوورییەكان و داهاتەكانی ترەوە خستووەتەڕوو و ئامادەییان نیشانداوە بۆ هاوكاری، ئەوەش هەمان ئەو داواكارییەیە كە بەغداد لە كوردستانی كردبوو، بۆیە گەر هەنگاوەكان بەمجۆرە درێژەیان پێبدرێت، ڕێككەوتن دەكرێت و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێڕاقدا جێگیردەكرێت.”

بابەتی پێشتر

"چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کاری لەپێشینەی بایدن دەبێت"

بابەتی دواتر

ئێران: لە ئەمریكا نائومێدبووین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share