چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ ئاشکراکردنی ناوی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یەکێکە لەو کەسانەی ناوی لە لیستی کاندیدانی ئەو خەڵاتە دەهێنرێت، بەڵام ئەگەر نەبردنەوەی خەڵاتەکە بووەتە جێگەی باسی بەشێک لە میدیاکان.
بڕیارە رۆژی هەینی 10 ی تشرینی یەکەم ناوی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2025 ئاشکرابکرێت.
هەریەکە لە یولیا ناڤالنایا هاوسەری ئەلێکسی ناڤالنی ئۆپۆزسیۆنی روسیا، بەڕێوەبەری رێکخراوی PRIO( ژووری فریاکەوتنی سودان)، چو هانگ تونگ چالاکوانی ناسراوی هۆنگ کۆنگ و دۆناڵد ترەمپ بەشێکن لە پاڵێوراوانی خەڵاتەکە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک رایگەیاندبوو، شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، بەهۆی ئەوەی جیهانی لە حەوت جەنگ دەربازکردووە، هەوڵەکانیشی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە لەم رۆژانەدا هەر لەو چوارچێوەیەدا وەسفدەکرێت.
توێژەرانی بروکینزی ئەمریکی و ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان دەڵێن، “چانسی دۆناڵد ترەمپ لە بردنەوەی خەڵاتەکە سفرە، بەهۆی ئەوەی خاوەی بیرۆکەی “ئەمریکا یەکەم” ە، کە ئەمەش لەگەڵ بیرۆکەی خەڵاتەکە یەکناگرێتەوە”.
ئاسڵی سڤین، مێژوونووسی نۆبڵ دەڵێت، “بەهۆی پشتگیریکردنی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ترەمپ هیچ چانسێکی نییە، چونکە ئەمە پێچەوانەی بیرۆکەی نۆبڵە”.
هاوکات لە راپرسییەکی رۆژنامەی واشنتن پۆستدا، 76% ی ئەمریکییەکان ترەمپ بە شایستەی بردنەوەی ئەو خەڵاتە نازانن.
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی دابەشکردنی خەڵاتەکە، ترەمپ و کەسایەتییە نزیکەکان لێی هەستیان بە کەمبوونەوەی چانسی بردنەوە کردووە لەو چوارچێوەیەشدا مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “ئەگەر ترەمپ دیموکرات بوایە، هەمووان دەیانوت شایستەی خەڵاتەکەیە”.
وەک جۆرێک لە راگەیاندنی بێهیواییش ترەمپ جەختیکردەوە، “حەوت جەنگم راگرتووە، بەڵام خەڵاتەکە دەدرێت بە کەسێک کە هیچ شتێکی نەکردووە”.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانیش دۆناڵد ترەمپ پەیوەندی بە یانس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتی ناتۆ کردووە و داوای لێکردووە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە پشتگیریی بکات.
خەڵاتی نۆبڵ جگە لە پەیکەری ئەلفرێد نۆبڵ دیارییەکی 1.18 ملیۆن دۆلاری لەخۆدەگرێت، بۆ ئەمساڵ 224 کەسایەتی و 94 رێکخراو بۆ وەرگرتنی کاندیدکراون، بەپێی پێشبینییەکانیش ئەو رێکخراو و کەسایەتییانەی لەبواری رۆژنامەگەری کاریان کردووە وەک(رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان) زۆرترین چانسیان لە بردنەوەیدا هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی رۆژنامەنووسان کە لە کەرتی غەززە لەمساڵدا کوژراون.
دۆناڵد ترەمپ بە یەکێک لەو کەسایەتییانە ناسراوە کە دۆڕان قبوڵناکات و لە رابردووشدا ئەمە بینراوە، رۆژنامەی تەلەگرافیش بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی ،”ترەمپ تۆمارێکی درێژی لە سزادانی ئەو کەسانەدا هەیە کە بێزاریی دەکەن”، ئەمەش وەک هۆشدارییەک بە حکومەتی نەرویجی.
هاوکات پێشبینیدەکرێت، لە ئەگەر نەبردنەوەی خەڵاتەکە ترەمپ خۆی وەک قوربانی وێنابکات و ئەمەش لە هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگرێس بە سوودی خۆی بەکاریبهێنێت.