بێستون فایەق رایدەگەیەنێت، “هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ بۆ رێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەبارەی دۆسیە جیاجیاکانەوە روونن و دەتوانین بڵێین سەرۆک بافڵ ئەندازیاری بونیادی رێککەوتنی نێوان هەرێم و عێراق بوو”.
بێستون فایەق، راوێژکاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “چەند رۆژێک پێش ئێستا دەرئەنجامی کارەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەرکەوتن، ئەو بە کردەیی بۆ ئەوەی رێککەوتنەکان بێنە ئاراوە مانگی حەوت سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دانیشت، چەند رۆژێک دواتر دەرئەنجامی کۆبوونوەی سەرۆک بافڵ لەگەڵ سودانی دەرکەوت، بۆیە دەتوانینی بڵێین سەرۆک بافڵ ئەندازیاری بونیادی رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و عێراق بوو”.
بێستون فایەق وتیشی، “بۆ دۆخی ئێستای نێوان هەرێم و عێراق پێویستمان بە هێزێک هەیە بتوانێت شان بداتەبەر ئەم بارە سەختە، ئەمەش تەنیا بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت، بۆیە کە دەنگی یەکێتی لە بەغداد بەهێزبوو، دەنگی کوردیش بەهێزدەبێت، دەنگی کوردیش بەهێزبوو دەتوانین زۆرێک لەو مافانە بچەسپێنین کە لە دەستووردا ئاماژەیان پێدراوە”
ئاماژەی بەوەشکرد، “دەنگدەر کە دەنگدەدات بەرپرسیارێتییەکی گەورە و پیرۆزی لەسەرشانە کە درک بەوەبکات کێ هەڵدەبژێرێت، تێبگات کێ لە بەغداد کاری پێدەکرێت و شەڕی ئەو دەکات، پێویستە دەنگدەر لەوە تێبگات کە شەڕەکە لە بەغداد شەڕی قووت و شوناسە، ئەم شەڕەش تەنیا بە یەکێتی دەکرێت، چونکە خاوەنی مێژووییەکی درێژە لە خەبات بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و چەندین شەڕی لەمشێوەیەی بردووەتەوە”.