شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکانی ناوشار دەستپێدەکەن، داواشدەکات هاوڵاتییان هاوکارییان بن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی هاتنی وەرزی پایز و بارانبارین، هەڵدەستین بەهەڵمەتێکی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکانی شەقام و کۆڵانەکانی شاری سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکە لە سبەینێوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوامدەبێت، لیژنەی فریاگوزار لە بەشەکانی خزمەتگوزاری، ئاوەڕۆ، ئامێرەکان و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک هەڵمەتکە ئەنجامدەدەن.
داوایشیکرد، هاوڵاتییان بە تایبەت کاسبکاران و دوکانداران و خاوەن پێشانگاکان و قوتابخانە و خوێندنگاکان و فەرمانگە حکومییەکان کە هاوئاهەنگبن لە پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵ و بارانەوەکانی بەردەمیان.