بەیانیی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سوریا دەستیپێکرد، کە بە یەکەم هەڵبژاردن لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی وڵاتەکە هەژماردەکرێت.
کاتژمێر 9:00 ی بەیانیی ئەمڕۆ بەکاتی ناوخۆیی سوریا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل دەستیپێکرد کە تێیدا 140 ئەندام لەلایەن لیژنەکانی هەڵبژاردنەوە هەڵدەبژێردرێن.
ئەنجومەنی گەلی سوریا لە 210 ئەندام پێکهاتووە، 70 ئەندامیان لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری وڵاتەکەوە هەڵدەبژێردرێن.
ئەم هەڵبژاردنە بەوە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە جیادەکرێتەوە کە هەڵبژاردنێکی گشتیی نین، واتە هەموو هاوڵاتییانی سوریا مافی دەنگدانیان نییە، بەڵکو پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای لیژنەکانی هەڵبژاردنە کە لە دوو ئاستدا پێکهێنراون، ئاستی یەکەم کەسایەتییە دیارەکانە، کە خۆیان لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە دیارەکان دەبیننەوە، دەبێت لانیکەم بڕوانامەی ئامادەیییان هەبێت و 30%ی ئەندامانی لیژنەکە پێکدەهێنن، ئاستی دووەم بریتیین لە کەسایەتییە لێهاتووەکان، کە ئەکادیمیست و پسپۆڕان و نوێنەرانی سەندیکا پیشەییەکان لەخۆدەگرێت، کە 70%ی ئەندامانی لیژنەکە پێکدەهێنن و دەبێت هەڵگری بڕوانامەی زانکۆ یان هاوتاکانیان بن.
هەڵبژاردن لە سەرجەم پارێزگاکانی سوریا جگە لە سوەیدا و حەسەکە و رەققە بەڕێوەدەچێت.