چەند بڕیارێک لە لیژنەی ئارامیی سلێمانییەوە پەیوەست بە هەڵبژاردن

لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران چەند بڕیارێکی پەیوەست بە هەڵبژاردنەوە دەرکرد.

لە راگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، “لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی رۆژی 5ـی 8ـی 2025ـی لیژنەکە، پەیوەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە هەموو لایەک دەکەین پابەندی ئەم خاڵانە بن:

1- پێویستە هەموو لایەک پابەندی یاسا، بڕیار، رێنمایی و رێساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بن.

2- پێویستە هەموو کاندید، قەوارە، هاوپەیمانێتییەکان و هەوادار و پشتیوانەکانیان، بە شێوازێکی مەدەنییانەی دوور لە توندوتیژیی و بەریەککەوتن، بە پاراستنی تەواوی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتییەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەن.

3- هەڵگرتنی چەک و دیاردەی چەکداریی و نمایشی سەربازیی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، قەدەغەن.

4- کاروان و کەژاوەی لەدوای یەک و درێژی ئۆتۆمبێل، کە ببنە مایەی تێکدانی هاتوچۆی گشتی و گرتنی رێگە و شەقامەکان، قەدەغەن.

5- داوا لە هەموولایەک دەکەین لە هەر ڕووداو و دۆخێکی نەخوازراودا، پەنا بۆ دادگاو بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و دامەزراوە فەرمییەکان ببەن و لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەو هێرش و تۆڵەکردنەوەیەکی کەسیی و کۆیی، خۆیان بەدوور بگرن.

6- پابەندی تەواوی رێنمایی و رێکارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و شارەوانیی یەکە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بن.

7- پێویستە هەموو فەرمانگەکانی حکومەت، هاوکاربن لە فەراهەمکردنی زەمینەیەکی یاسایی هاوبەش و هاوسەنگ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەبێ جیاوازیی، نابێت هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە فەرمانگە حکومییەکاندا بکرێت و نابێت هیچ کەلوپەل و کەرەستەیەکی ماڵیی و دارایی و شوێنێکی حکومەت، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێندرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەوەڵامی هێرشەکەی تورکیا لە هەرێم هاککەرانی عێراقی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج

ناوەندی دیجیتاڵی DMC ئاشکرایکرد، ژمارەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی پێگە سەرەکییەکانی تورکیای کردووەتە ئامانج لەناویاندا سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا. ناوەندەکە ڕایگەیاندووە،…
Total
0
Share