تۆفیق عەلی، دادوەری لێکۆڵینەوەی حەوتەم لە دیمەشق فەرمانی دەستگیرکردنی بە (غیابی) بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا دەرکرد.
لە فەرمانی دەستگیرکردنەکەدا هاتووە، “تۆمەتەکان بریتین لە کوشتنی بە ئەنقەست، ئەشکەنجەدان کە بووبێتە هۆی مردن و زەوتکردنی ئازادی، بە پشتبەستن بە داوای یاسایی لەلایەن خێزانی قوربانییەکان”.
لە ساڵی 2011 شەپۆلێکی ناڕەزایی هاوڵاتییان بەشێک لە وڵاتانی عەرەبیی گرتەوە و سوریاش لەمە بێبەش نەبوو؛ کە سەرەتا وەک خۆپیشاندانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو و دواتر پەرەیسەند و بوو بە شەڕێکی چەکداری کە ساڵانێکی خایاند و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دۆخی سیاسی و مرۆیی سوریا هەبوو.
ساڵی رابردوو، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر دامودەزگا حکومییەکانی سوریا و دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەشدا گرت؛ رۆژی 8ـی کانونی یەکەمی 2024، بە رەسمی دەسەڵاتی ئەسەد کۆتاییهات.