سەرچاوەیەک رایدەگەیەنێت، لە رێککەوتنی کۆتایی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، هەرێم مەرجێکی سەرەکی بۆ رێککەوتنی نەوتی داناوە، تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە مووچەی مانگەکانی داهاتوو نەفەوتێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەندامێکی وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم، “لەکاتی کۆبوونەوە و تاوتوێکردنی رێککەوتنەکە، مەرجی یەکەم و کۆتایی حکومەتی هەرێم نەفەوتانی مووچەی مووچەخۆران بووە، ئەوەیان کردووەتە مەرج کە مووچەی سەرجەم مانگەکان لە کاتی خۆیدا بێت”.
باسی لەوەشکردووە، “لە کۆبوونەوەکەدا هەرێم پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ناوی مانگەکانی هێناوە و داوایکردووە بەپێی مانگەکان مووچە بنێردرێت، چونکە لە پێشوو ناوی مانگەکانی نەدەهێنا، بۆیە حکومەتی عێراق بە کۆی گشتی پارەی دەنارد تاوەکو لە کۆتایی ساڵدا لە تەرازووی پێداچوونەوەدا تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبێت”.
ئەو ئەندامەی وەفدی دانوستانکار ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر لە چەند رۆژی ئایندەدا مووچەی مانگی تەممووز رەوانەبکرێت و لە کەمتر لە مانگێکدا مووچەی مانگی ئاب بنێردرێت، ئەوا نزیکدەبینەوە لە مووچە دابەشکراوەکانی بەغداد و هیچ کێشەیەک نامێنێت.”