بەشی هەڵسەنگاندن و چاودێریی راگەیاندنی یەکێتی سەرنجێكی سەبارەت بە دیدارێكی كەناڵی رووداو لەگەڵ د. سلێمان گەیلانی، بڵاوکردەوە.
دەقی سەرنجەکەی بەشی هەڵسەنگاندن و چاودێریی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:
ئێمە هەمیشە بە رێزەوە لە كەسایەتی و بنەماڵە تێكۆشەرەكان دەڕوانین و بە سەرچاوەی حیكمەت و دانایی دەیانبینین لە گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەكان، بەڵام كاتێک بەڕێزێک، بەهۆی هەڵكشانی تەمەنییەوە بێت، یان ناوردی لە گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەكانی تایبەت بە سەرۆك مام جەلال و لادانیان لە رێڕەوی راستەقینەی گێڕانەوەی ئەو رووداوانە، بە ئەركی ئەخلاقیی سەرشانی خۆمانی دەزانین، بۆ راستكردنەوەی هەڵە و چەوتییەكان، خاڵ بخەینە سەر راستییەكان و لە خەوشی و هەڵەكان جیابكەینەوە.
لە چەند رۆژی رابردوو لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، بەڕێز دكتۆر سلێمان گەیلانی، لەكاتی گێڕانەوەی رووداوە مێژووییەكاندا بەشێكی قسەكانی تەرخانكرد بۆ باسكردنی رابەری گەلی كوردستان (سەرۆك مام جەلال)، بەڵام ئەوەی جێگای داخە، نەماندەزانی كە بەڕێز گەیلانی بە چ هۆكارێك كۆمەڵێك هەڵەی زەق و ناهەقی بەرامبەر بە سەرۆك مام جەلال ئەنجامدا، بۆیە بە پێویستی دەزانین، لەم سەرنجەدا راستكردنەوەی بەشێك لەو هەڵانەی كە بە ناوی سەرۆك مام جەلالەوە كردوویەتی، بخەینەڕوو:
1- بەڕێز گەیلانی دەڵێت: لە ساڵی (2004) مام جەلال كە سەرۆك كۆماری عێراق بوو، سەردانی وڵاتی ئوسترالیای كرد، ئەم مێژوویەی كە جەنابیان باسی دەكەن، هەڵەیە، چونكە لە ساڵی (2005) بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا نەك ساڵی (2004)، هەروەها ساڵی (2003) سەرۆكی ئەنجومەنی حوكم بووە لە عێراق.
2- بەڕێز گەیلانی دەڵێت: لە یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی ئەو وڵاتە، بە ئاڵای كوردستان پێشوازیی لێكرا و ئاڵای عێراقیان دانەنابوو، ئەمەش هەر نەدەبوو جەنابی دكتۆر گەیلانی باسی بكات، چونكە كاتێک سەرۆک كۆماری وڵاتێك سەردانی وڵاتێكی دیكە دەكات، لە رووی پرۆتۆكۆڵییەوە لەسەر ئاستی باڵا پێشوازیی لێدەكرێت و ئاڵای هەردوو وڵات دادەنێت و رێگە نادرێت ئاڵای هەرێمێک یان نەتەوەیەك بە تەنیا دابنرێت.
3- جەنابی دكتۆر سلێمان گەیلانی دەڵێت: لە شوێنی حەوانەوەی خۆی، مام جەلال پێی وتووە، ئەگەر بگەڕێتەوە، پۆستی پەرلەمانتار یان وەزیری دەرەوەی پێدەدەن!! ئەمەش رێی تێناچێت چونكە لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق، پۆستی پەرلەمانتار بە هیچ كەسێك نادرێت، بەڵكو لە رێی سندوقەكانی دەنگدانەوە پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێن، هەروەها پۆستی وەزیری دەرەوە دەدرێت بە كەسێك كە مەرج و تایبەتمەندییەكانی تێدابێت، وەكو هاوڵاتیی عێراقی بێت، زمانی عەرەبی بەباشی بزانێت، لە رووی پسپۆڕییەوە بۆ ئەو ئەركە گونجاو بێت، لەسەر ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و تا رادەیەک نێودەوڵەتی، ناسراو بێت. جگە لەوە كێ دەڵێت ئەو پۆستە پشكی كورد دەبێت و لە كوردیش پشكی یەكێتی دەبێت، سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە دوای ئەوەی سەرۆک مام جەلال وەک سەرۆک كۆمار هەڵبژێردرا، كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ سوێندی یاسایی خوارد و وەزیری دەرەوەی عێراق دەستبەكاربوو، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەوە قسەی سەرۆک مام جەلال نییە.
4ـ بەڕێز گەیلانی دەڵێت: مام جەلال وتی، سەرۆكی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆی بینیوە، ئەمەش قسەی سەرۆک مام جەلال نییە، چونكە هەر كەسێک كەمێک سیاسەتی كردبێت، دەزانێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان سكرتێری هەیە، نەک سەرۆک.
بۆیە كاتێک هەموو ئەم هەڵە و خەوشییانە لە قسەكانی جەنابی دكتۆر سلێمان گەیلانی دەبینین، پێویست بەوە ناكات كە وەڵامی جەنابیان بدەینەوە لەسەر ئەوەی گوایە مام جەلال بە بینینی نامەیەک، زۆر نیگەران بووە. مام جەلال لەو سەردەمەی كە بەهۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلولەوە بی ئومێد نەبوو، بەڵكو چەخماخەی شۆڕشی نوێی داگیرساند، چ جا بە بینینی نامەیەک، دەڕووخێت!!
5- دوا سەرنجمان لەسەر بەرنامەكەی كەناڵی رووداوە، ئەوەی تێبینیمان كردووە پێشكەشكاری بەرنامەكە هەوڵدەدات ئاراستەی رووداوەكان بە جۆرێک بگۆڕێت، كە لەگەڵ راستییە مێژووییەكان یەكنەگرێتەوە و خزمەت بە ئەجێندای لایەنێک بكات و زیان بە لایەنێكی دیكە بگەیەنێت.
بۆیە گرنگە، هەموو لایەنێک بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ كەسایەتی و رووداوە مێژووییەكان بكەن، بەتایبەتی بەرامبەر بە سەرۆک و سەركردەیەک، كە زیاتر لە نیو سەدە خەباتی كردبێت لەپێناو دۆزی رەوای گەلی كوردستان و هەموو مرۆڤایەتی.