کۆمسیۆن: ژمارەیەک کاندید بە بڕی 10 ملیۆن دینار سزادراون

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، بڕیاردراوە بە سەپاندنی سزای پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار بەسەر ئەو کاندیدانەی کە پۆست و پێگەکانیان قۆستووەتەوە و بۆ بانگەشەکردن بەکاریانهێناوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لەبەر بەکارهێنانی پۆست و پێگەکانیان و دروستکردنی کاریگەریی لەسەر دەنگدەران، کۆمسیۆن سزای دارایی بەسەر ژمارەیەک لە کاندیدەکاندا سەپاند”.

باسی لەوەشکرد، سزا داراییەکان گەیشتووەتە 10 ملیۆن دینار، هەروەها سزای دوو بۆ پێنج ملیۆن دیناریش بەسەر ئەو کاندیدانەدا دەسەپێندرێت کە پێش وادەی دیاریکراوی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیانکردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن.

وتیشی، “ژمارەی کاندیدانی سەرپێچیکار دیار نییە، چونکە هێشتا بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بەردەوامە و لیژنەکان بەردەوامن لە گەڕان، رۆژانە راپۆرتمان پێدەگات و پاشان بەرزدەکرێتەوە بۆ بنکەی سەرەکیی کۆمسیۆن، ئینجا رێکاری گونجاو لەبەرامبەریان دەگیرێتەبەر”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share