سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهیواین بەهۆی پڕۆژەی رێگەی گەشەوە، عێراق ببێتە دەروازەیەک کە %20ی مامەڵەی بازرگانیی ئاسیا بۆ ئەوروپای لە رێگەوە ئەنجامبدرێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆڕبەندی ‘دیدگای عێراق بۆ 2050’ رایگەیاند، “لە دەیەکانی داهاتوودا دەگەین بە ئاستێک کە عێراق پشتبەستوو نەبێت بە داهاتی نەوت، بەڵکو گرنگی دەدەین بە ئابورییەکی فرەچەشنی پشتبەستوو بە کشتوکاڵ و پیشەسازی، هەروەها کاردەکەین تاوەکو عێراق لە رێگەی بەندەری فاو و رێگەی گەشە، %20ی مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان ئاسیا بۆ ئەوروپای لەڕێگەوە ئەنجامبدرێت”.
وتیشی، “دەمانەوێت بە جیهان بڵێین عێراق لەڕێگەی دەوڵەت، دامەزراوەکان، زانکۆکان، کۆمەڵگە و گەنجانەوە بڕیاریداوە هەستێتەوە و دووبارە رۆڵی خۆی لە مێژوودا بنووسێتەوە”.
باسی لەوەشکرد، پرۆژەی رێگەی گەشە یەک ملیۆن و نیو هەلی کار بۆ گەنجان دەرەخسێنێت.