پاش ئەوەی شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی گرتەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکەوە 85 کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکوک تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر روویان لە نەخۆشخانەکان کرد.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە بەڕێوبەرایەتییە تەندروستییەکانەوە دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتوون، لە شاری سلێمانی، لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە تاوەکو کاتژمێر 11ی شەو، بەهۆی کاریگەریی خۆڵبارینەکەوە 44 هاوڵاتیی رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
لە پارێزگای هەڵەبجەش لێپرسراوی نەخۆشخانەی فێرکاری و فریاکەوتنی پارێزگاکە رایگەیاند، دوو هاوڵاتیی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلەکەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
لە پارێزگای کەرکوک 39 هاوڵاتیی بەهۆی کاریگەریی شەپۆلەکەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی کراون، کە لەو ژمارەیە 9 کەسیان منداڵن.
بەپێی پێشبینیی شارەزایانی کەشناسیی، کاریگەرییەکانی شەپۆلی خۆڵبارینەکە تاوەکو ئەمڕۆ شەممە بەردەوامدەبێت و لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆوە کەشوهەوا ناوچەکانی هەرێم ئاسایی دەبێتەوە.