سەرچاوەیەک ئاشکرایکرد، پاش راپۆرتەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرچاوڕوونیی زیاتر لەبارەی دۆسیەی نانەوتیی هەرێم یەکلادەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بدات، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بۆ ناردنى داهاتى نانەوتیى مانگى تەمموز، چاوەڕێى بڕیارەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت و یەکلابوونەوەى پرسى داهاتى نانەوتی دەکات.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی نائاسایی بکات، ئەوا بڕیار لە چارەنووسی مووچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دیکەی ئەمساڵیش دەدات، ئەگەر ئەو کۆبوونەوە نائاساییە ئەنجامنەدرێت، ئەوا چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو، بڕیار لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت.