لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق تاوتوێی چەند پرسێکی پەیوەست بە بەغداد و هەرێمیان کرد و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پشتگیری وڵاتەکەی بۆ دانووستانەکان دووپات کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ 28 ی کانوونی دووەم بەڕێوەچووە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوویەوە و پێکەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ڕەوتی دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستانیان تاوتووێ کرد.
تەورێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کراوە بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چارەنووسسازە و هیوای خواستووە بە پشتگیری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم لە بوارە جواروجۆرەکاندا کرا و باڵیۆزی ئەمریکا ستایشی رۆڵی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پێداگرییەکانی لەسەر بەرەوپێشبردنی ڕەوتی چاكسازیی لە هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی وردەکاریی ئەو هەنگاوە چاکسازییانەی بۆ باڵیۆزی ئەمریکا ڕوونکردەوەتەوە کە حکومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا ناویەتی و ئەوانەشی كە لەبەرنامەی كاردان لە قۆناغەکانی داهاتوودا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکای کرد و پەیوەندیی بەهێزی جۆو بایدن و ستافی ئیدارەكەی لەگەڵ ناوچەكە بیرهێنایەوە، هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لەسەردەمی جۆو بایدندا گەشەكردنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.