کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە، پشتگیریی هەرێم دەکەین وەك ناوچەیەکی سەلامەت و پارێزراو.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەشداریکردووە لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی یاداشتی لێكتێگەیشتنی ساڵی 2022.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە بەرەوپێشچوونەکانی چاکسازیی پێشمەرگەدا چوونەوە و لەسەر هەنگاوەکانی ئاییندە رێککەوتن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی یاداشتەکە، بە ئامانجی دروستکردنی هێزێكی سەربازیی پێشەیی و یەكگرتوو.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە هەوڵەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا کردەوە.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئاشکرایکرد، ئەمریکا پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکات کە ناوچەیەکی سەلامەت و پارێزراو و گەشەسەندووتر بۆ هەمووان دروستدەکات.