بۆ بازاڕەکان ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە و جیهان چاوەڕێی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵی ئەمریکایە تاوەکو بڕیاری دیاریکردنی رێژەی سوود ئاشکرابکات.
کەناڵی بلوومبێرگی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، جیهان چاوی لە جیرۆم پاوڵە تاوەکو رێژەی سوود ئاشکرابکات و، پێشبینی دەکرێت بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی دەرفەتی کار لە ئەمریکا، پاش نۆ مانگ، ئەمڕۆ بانکی فیدراڵی ئەمریکا و ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا رێژەی سوود 25 بۆ 50 خاڵ داببەزێنێت.
هەر لە راپۆرتەکەی بلوومبێرگدا هاتووە، لە ئەگەریی کەمکردنەوەی رێژەی سوود، گەرەنتی نییە کە بانکی فیدراڵی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ رێژەی سوود بە نزمی بهێڵێتەوە و، نرخی زێڕ، دۆلار، نەوت و زۆرێک لە سێکتەرە ئابوورییەکانی جیهان پەیوەستە بە دیاریکردنی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواویی پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن بانکی فیدراڵی رێژەی سوود کەمبکاتەوە، کۆتا جاریش کە بانکی فیدراڵی رێژەی سوودی دابەزاند مانگی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو بوو، بەڵام بەرەنجامەکەی هەڵاوسانێکی کەم و خاوبوونەوەی بازاڕی کار بوو.
مانگی رابردوو، هەڵاوسان لە ئەمریکا گەیشتە 2.9% و بەهای زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان بەرزبوونەوە و گوشارییان لەسەر بانکی فیدراڵی ئەمریکا دروستکرد کە رێژەی سوود داببەزێنێت.