وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، سەرقاڵی ئامادەکردنی ئاماری دەرچووانی سێ یەکەمەکان، بەشە پزیشکییەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانن بۆ رەشنووسی بودجەی خەمڵێنراوی ساڵی 2026.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە گشتاندنێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کراوە، زانکۆکان رادەسپێرێت لە ماوەی یەک مانگدا ئاماری گشتیی دەرچووانی سێ یەکەمەکان، دەرچووانی پزیشکیی گشتی و بەشە پزیشکییەکان، هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان، ئەوانەی تاوەکو ئێستا دانەمەزراون، بۆ ساڵانی 2017 – 2018 تاوەکو 2024 – 2025 رەوانەبکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەبەست لەم گشتاندنە ئەوەیە کە دەرچووانی ئاماژەپێکراو، لە پێویستییەکانی میلاکات و رەشنووسی بودجەی خەمڵێنراوی ساڵی 2026 جێگەیان بۆ بکرێتەوە.