کۆشکی کرێملن رایدەگەیەنێت، گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەنێوان روسیا و ئۆکرانیا وەستان و هیچ گەشبینییەک لە ئارادا نییە لەبارەی ئەنجامێک کە هەمووان دڵخۆش بکات.
دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملن لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد، “دانوستانکارەکانمان لەڕێگەی چەند دەرچەیەکەوە دەرفەتی گفتوگۆیان هەبوو، بەڵام دەتوانم بڵێم لەئێستادا باشترە بڵێین گفتوگۆکانی نێوانمان وەستاون”.
ئاماژەی بەوەشدا، “هەڵەیە لەئێستادا گەشبینبین بە پرۆسەی ئاشتیی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و چاوەڕێی ئەنجامێکی خێرا بکەین”.
دمیتری پێسکۆڤ جەختیکردەوە، “روسیا ئامادەی گفتوگۆی ئاشتییە و بەدوای هەر رێگەیەکدا دەگەڕێت گرژیی و ئاڵۆزییەکان هێوربکاتەوە، روونە کە وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت ئەم هەوڵانە سەرنەگرن، ئەمەش بۆ هیچ کەسێک نهێنی نییە”.
لای خۆیشییەوە ڤۆڵۆدیمێر زلێنسکی ، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، “ئامانجی سەرەکیی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، داگیرکردنی هەموو خاکی ئۆکرانیایە، بۆ پوتن گرنگ نییە کێ قسەی بۆ دەکات، ئەو جەنگێکی بەرپاکردووە کە تاوەکو هێزێکی زەبەلاح دەستوەردان نەکات، ئەو ناوەستێت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی”.