قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ ماهیر کەراکی، کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین کۆبوونەوە و باسیان لە چەند تەوەرێک کرد.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، “لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز باڵیۆز دکتۆر ماهیر کەراکی، کۆنسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان، جەختمان کردەوە کە گەلی کورد هەمیشە پشتیوانیی داوا رەواکانی گەلی فەڵەستین بووە و هیواشمان خواست هەرچی زووترە، شەڕ کۆتایی پێبێت و کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی فەڵەستین و ئەو کارەساتە مرۆییە بێت کە بەسەر دانیشتووانی کەرتی غەزەدا هاتووە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “پشتگیریی خۆشمان بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتیی دەربڕی کە لە ئێستا بەشێکی زۆری وڵاتان پشتگیری لێدەکەن. هاوڕاشبووین هەردوو گەلی کوردستان و فەڵەستین کە مێژووییەکی دوور و درێژیان لە ئازار و بێ مافی هەیە پێویستە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام پشتیوانی یەکتربن”.