وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لەبارەی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ریگەیاند، نیگەرانین لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبوونە بەردەم هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای).
دەشڵێت، ئەم مانگە، نزیکەی 24 هەزار مووچەخۆر مووچەکانیان لەڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن، لەنێوان 1 تاکو 3ـی ئەیلول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری گواستووەتەوە بۆ بانکی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکی ناوبراو.
باس لەوەشدەکات، وەزارەتی دارایی و ئابوری داوا لە بانکی تی بی ئای دەکات، وەک تاکە بانکی حکومیی پرۆژەکە، رێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لقەکانی بانکی تی بی ئای و ستافەکەی دەکات کە زیاتر لە کاتی ئاسایی دەوامەکانیان کاربکەن تاوەکو دڵنیادەبنەوە لەوەی تەواوی هاوڵاتییان بەبێ کێشە دەستییان بە مووچەکانیان دەگات.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لە ژێرخانەکەی تاوەکو رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە کارکردنی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و سەردەمییانە لە پرۆژەی هەژماری من پێشکەشی تەواوی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.